AP ١٤٠١ گەلاوێژ ١٨ ١٨:٣٣

مه‌حمود عوسمان:

سه‌در ناهێڵێت كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌ هه‌ولێر سه‌ربگرێت و گفتوگۆش ناكات

سه‌در ناهێڵێت كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌ هه‌ولێر سه‌ربگرێت و گفتوگۆش ناكات

سیاسه‌تمه‌تدار و چاودێری سیاسی کورد دەڵێت: سه‌در ناهێڵێت كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌ هه‌ولێر سه‌ربگرێت و گفتوگۆش ناكات، چونكه‌ئه‌وانی تر داوای گفتوگۆ ده‌كه‌ن سه‌در ڕازی نییه‌.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، د. مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌تدار و چاودێری سیاسی رایده‌گه‌یه‌نێت کە "ئه‌گه‌ر گفتوگۆی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌ هه‌ولێر بكرێت موقته‌دا سه‌در نایه‌ڵێت سه‌ركه‌وتو بێت، هیچ وڵاتێك تائێستا نه‌هاتوه‌ بكه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ خه‌ڵك تاقه‌تی چوه‌ له‌عێراق.

ده‌شڵێت: " ئه‌گه‌ر ناكۆكی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی په‌ره‌بسێنێت له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌ده‌سێنێت".

د. مه‌حمود عوسمان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند کە عێراق كه‌وتۆته‌ ده‌ست كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێك كه‌ توانای ئیداره‌دانی ئه‌و وڵاته‌یان نییه‌، هه‌ر ته‌ركیزێكمان له‌سه‌ر كێشه‌ی حیزبه‌ یان كوتله‌كان یان كه‌سیی ناكۆكیه‌كانیان بوه‌ به‌دوژمنایه‌تی له‌هه‌مو وڵاتێك ناكۆكی سیاسی هه‌یه‌ حیزبه‌كان جیاوازن هه‌یه‌ له‌حكومه‌تدایه‌ و هه‌یه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆندایه،‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ بونه‌ته‌ دوژمن له‌گه‌ڵ یه‌كتری ته‌نانه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و دو حیزبه‌ وه‌كو دوژمنی یه‌كترین له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌مانه‌ هی ئه‌وه‌ نین ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن، چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ په‌رێشانه‌ و كه‌سیش نییه‌ بێت ڕزگاریان بكات هه‌رخۆیانن له‌و نێوانه‌دا.

وتیشی: ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا سه‌در ده‌یكات سه‌در بوه‌ به‌ به‌ته‌ڵ ساحه‌ پاڵه‌وانی گۆڕه‌پان به‌كه‌یفی خۆی په‌رله‌مان ده‌گرێت، هه‌رچی بێت ته‌نانه‌ت ڕای ئه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕاستیش بێت ئه‌و شێوه‌ كارانه‌ هیچی هی ئه‌وه‌ نین بڵێن یاساییه‌ یان ده‌ستوریه‌ ئه‌وه‌ش كێشه‌یه،‌ كه‌سیش ناوێرێت باسی بكات و ڕه‌خنه‌ی لێبگرێت به‌ڕاستی ئه‌وه‌ شتێكی سه‌یره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ من ته‌سه‌ور ده‌كه‌م دۆخێكی زۆر زۆر خراپه‌ نازانین ده‌گاته‌ چی ، هیچ له‌به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی عێراقی هه‌ژاردا نییه‌ به‌داخه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو کە "سه‌در ناهێڵێت كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌ هه‌ولێر سه‌ربگرێت و گفتوگۆش ناكات، چونكه‌ ئه‌وانی تر داوای گفتوگۆ ده‌كه‌ن سه‌در ڕازی نییه‌، بێگومان كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ مالیكیه‌، مالیكی زۆربه‌ی ده‌نگی هه‌یه‌ له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی 40 كورسی هه‌یه‌ له‌هه‌مویان به‌هێزتره‌ سه‌در دژی مالیكی یه‌ چونكه‌ كاتی خۆی مالیكی په‌لاماری ئه‌وانیدا و خه‌ڵكی زۆری له‌سه‌درییه‌كان كوشت هه‌ندێكی لێگرتن ئه‌مه‌ دوژمنایه‌تیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ حیزبی ده‌عوه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌كاریگه‌ری روداوه‌كانی عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، د. مه‌حمود عوسمان ده‌ڵێت، "بێگومان هه‌رێمی كوردستان به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دایه‌ حكومه‌تێك له‌به‌غدا هه‌بێت و سه‌قامگیریه‌ك هه‌بێت، كوردیش بتوانێت مافه‌كانی خۆی له‌وانه‌ مادده‌ی 140، پێشمه‌رگه‌یه‌، نه‌وت و گازه‌ چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزێته‌وه‌ بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ دۆخی ئێستای عێراق زیانی تێدایه‌ بۆ كورد چونكه‌ نه‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌ و نه‌ حكومه‌ت هه‌یه‌، كازمی هه‌یه‌ ئه‌ویش هیچی به‌ده‌ست نییه‌ ناتوانێت هیچ بكات چونكه‌ ده‌رفه‌تی ناده‌ن له‌هه‌مانكاتیشدا دوه‌م شت ئه‌وه‌یه‌ كورد یه‌كگرتو نییه‌ له‌نێوان خۆیان هه‌ر حیزبێك بۆخۆی ئیش ده‌كات ئه‌وه‌ش زۆر لاوازی كردوون له‌سه‌ر هیچ شتێك ڕێك نین هه‌تا پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ ده‌سه‌ڵاتیشی نییه‌ ناتوانن ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ری له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆشیان هۆكارن بۆئه‌وه‌ی دۆخیان خراپ بێت، چونكه‌ یه‌كگرتو نین و هاوكاری یه‌كتر نین و هه‌ریه‌كه‌ به‌جیا له‌به‌غداد بۆخۆی ئیش ده‌كات ئه‌وه‌ش زۆر لاوازی كردون. "

د. مه‌حمود عوسمان ئه‌وه‌شی وت، "ئه‌وه‌ی كه‌ له‌به‌غدا ڕوده‌دات ئێستا دو حیزبه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی هه‌رێم یه‌كێكیان مه‌یلی سه‌دره‌ یه‌كێكیشیان مه‌یلی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌ و له‌گه‌ڵیانن بێگومان ئه‌گه‌ر ناكۆكی ئه‌وان په‌ره‌بسێنێت لێره‌ش په‌ره‌ ده‌سێنێت حه‌قبو هه‌ردوكیان یه‌كگرتوبن و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌به‌غداد مامه‌ڵه‌ بكه‌ن نه‌ك یه‌كێكیان بچێته‌ ئه‌مبه‌ر و یه‌كێكیان بچێته‌ ئه‌وبه‌ر ئه‌وه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا شتێكی هه‌ڵه‌بوه‌، ئومێده‌وارم پێكدادان نه‌بێت، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ پێكدادانی شه‌ڕ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م پێكدادانه‌ سیاسیه‌ و ئه‌م ناكۆكیه‌ سیاسیه‌ قوڵتر ده‌بێته‌وه‌ .

News ID 43113

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha